KMMK:
( کورته ڕاپۆڕتێکی تایبه‌ت )
یه‌کێک له سه‌رمایه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی کوردان، کانزای زێڕی شاری تیکابه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
ئه‌و کانزایه به ساڵانه له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئێران و به هاوکاری چه‌ند کۆمپانیه‌کی بیانی، به بێ ئه‌وه‌ی که هیچ قازانجێکی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و ته‌نانه‌ت گوندنشینه‌کانی هه‌رێمه‌که هه‌بێت، ڕۆژانه به تاڵان ده‌چیت.
کارخانه‌ی زێڕی تیکاب که زێری کوردان به بێ خواست و ئیزنی ئه‌وان به تاڵان ده‌بات، نه ته‌نیا له به‌ر چاوی خه‌ڵک سه‌رمایه‌ی ئه‌وان ده‌دزێت، به‌ڵکوو هاوکات به هۆی پاشماوه‌کانی ئه‌و کارخانه‌یه ژینگه‌ی هه‌رێمه‌که‌شی تێکداوه و گه‌لێک جاران بووه‌ته مایه‌ی ناڕه‌زایه‌تی گوندنشینانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و کارخانه‌یه.
به‌و پێیه پاشماوه‌کانی ئه‌و کارخانه‌یه و به تایبه‌ت سیانۆڕێکی زۆر که له‌و کارخانه‌یه‌وه ده‌ڕژێته ناو چۆمه‌کانی ناوچه‌که، بووه‌ته هۆی مردنی سه‌دان گیاندار و باڵنده و ته‌نانه‌ت زیانی به مه‌ڕ و ماڵاتی کوردان گه‌یاندووه. هه‌روه‌ها ئه‌و سیانۆڕه‌ی که تێکه‌ڵ به ئاوی چۆمه‌کان ده‌بێت، بووه‌ته هۆی ویشک بوون و خراپ بوونی زۆر یه‌ک له باغه‌کانی ناوچه‌که و تام و راده‌ی به‌رهه‌می ئه‌و باغانه‌شی زۆر دابه‌زاندووه، ئه‌وه‌ش تووڕه‌ییه‌کی زۆری له ناو دڵی جه‌ماوه‌ر دا پێک هێناوه.
جێی ئاماژه‌یه ئه‌و تاڵانکاریه له کاتێک دا ڕو ده‌دات که کرێکارانی ئه‌و کارخانه‌یه به ئه‌رزانترین نرخ کاریان پێ ده‌کرێت و بۆ ئه‌وه‌ی که بیمه نه‌کرێن و له هه‌موو مافێک بێ به‌ری بن، هه‌ر به چه‌ند مانگ جارێک کرێکاره‌کانی ده‌رده‌کرێن و کرێکارانی نوێ به نرخی ئه‌رزان، له جێگه‌ی ئه‌وان به کار ده‌هێندرێن.
هه‌روه‌ها تا ئێستا چه‌ندین کرێکار له‌و کارخانه‌یه دا ژیانی خۆیان له ژێر کار له ده‌ست داوه که ده‌کرێ ئاماژه به ناوی " سه‌جاد قه‌نبه‌ری " بکرێت. ناوبراو له پاییزی ئه‌مساڵ ، له کاتی کار کردن ژیانی له ده‌ست دا.
سه‌رچاوه‌ی KMMK له هه‌رێمه‌که‌وه ڕایگه‌یاند که له‌و کارخانه‌یه دا به تایبه‌ت که‌سێک به ناوی " حاجی عه‌باس " وه‌ک به‌رپرسی حه‌راسه‌ت کار ده‌کات و ده‌ستێکی باڵای هه‌یه له ئازار دانی کرێکارانی کورد و زۆرترین هه‌وڵیشی ئه‌وه‌یه که پێرسۆنێلی کورد، بۆ کار کردن له‌و کارگایه ئیستیخدام نه‌کات.
کانزای زێری " تیکان ته‌په" ی شاری تیکاب، که له نزیک ئاسه‌واری مێژوویی " ئاترۆ گۆشتاسپ " یان به وته‌ی ئه‌مڕۆیی " ته‌ختی سلێمان " هه‌ڵکه‌وتووه، یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین کانزاکانی زێڕ له کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین.
www.kmmk.info


بگه‌رێوه
