پێناسه‌ی کتێب:
ناو: نامه‌کان: له زیندانه‌وه بۆ زیندان
نووسه‌ر: فه‌رزادی که‌مانگه‌ر
وه‌رگێڕ و ئاماده‌کار: سیاوه‌ش گۆده‌رزی
گرافیکی به‌رگ: چیا مه‌ده‌نی
زمان: دووزمانه، کوردی و فارسی
چاپخانه: ئاپێک، ستۆکۆڵم، سوید
نۆره‌ی چاپ: چاپی یه‌که‌م
قه‌واره و لاپه‌ڕه: ئا پێنج، 358 لاپه‌ڕه
تیراژ: 1000
ژماره‌ی سپاردن: ISBN 978-91-633-6110-04
ئه‌م کتێبه له سه‌ر ئه‌رکی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد Kurdish Human Rights Association چاپ کراوه.
له به‌شێک له پێشه‌کی ئه‌م کتێبه‌دا هاتووه:
له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ، شۆڕشگێری و به‌رگری نێو زیندانه‌کانی ئێران‌دا، خوسره‌وی گولسورخی که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو بوو. فه‌رزادی که‌مانگه‌ر که‌سایه‌تییه‌کی دیکه‌ی ناسراوی ئه‌ده‌بی شۆڕشگێرییه که خۆی له شانی گولسورخی ده‌دات. بێجگه له‌وه فه‌رزادی که‌مانگه‌ر یه‌که‌م کورده له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که له زیندانه‌وه ڕچه‌شکێنی ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشگێڕی به شێوازی نوێی کوردێتی، هومانیستی، ئێکۆلۆژیستی و فیمینیستی کردووه.
ئه‌و نامانه‌ی له‌م کتێبه‌دا ده‌که‌ونه به‌ر سه‌رنج، ئه‌و نامانه‌ن که فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له ژێر گرانترین ئه‌شکه‌نجه و له ژێر سێبه‌ری حوکمی له‌سێداره‌داندا له زیندان نووسیونی و به هۆی چالاکانی مافی مرۆڤه‌وه گه‌یشتووه‌نه‌ته ده‌ره‌وه‌ی زیندان.
فه‌رزادی که‌مانگه‌ر وه‌ک مامۆستایه‌کی به‌ئه‌مه‌گی قوتابییه‌کانی، هه‌میشه و دایم له زیندانیش له بیری منداڵاندایه و له زیندانه‌وه نامه‌یان بۆ ده‌نووسێ. له تێکستێکی ئه‌ده‌بیدا به‌م شێوه‌یه یه‌کێک له نامه‌که‌ی ده‌ستپێدکا: "دڵم بۆ هه‌مووتان ته‌نگ بووه، لێره شه‌و و ڕۆژ به یاد و بیروه‌رییه‌کانی ئێوه‌وه، شێعری ژیان ده‌هۆنمه‌وه، هه‌موو ڕۆژێک له بری ئێوه ڕۆژباش له گه‌ڵ خۆردا ده‌که‌م، له په‌نای ئه‌م دیواره بڵیندانه له ته‌ک ئێوه‌دا له خه‌و هه‌ڵده‌ستم، له ته‌ک ئێوه پێده‌که‌نم و له ته‌ک ئێوه‌ش ده‌نووم."
فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له نامه‌یه‌کی دیکه، باسی چه‌وساوه‌ی ژنی کورد تێکه‌ڵ به هه‌وادی چنینه‌وه‌ی تێکستێک بۆ خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کا و ده‌نووسێ: "نازه‌نینم سڵاو، ڕۆژی جیهانی ژنه، هه‌مان ڕۆژێک که هه‌میشه چاوه‌ڕێیم. له‌م ڕۆژانه‌دا له باتی ده‌سته مێهره‌بانه‌کانی تۆ، چڵه نه‌رگسی ئاڵۆزکاوتر له پرچه‌کانت ئاراسته‌ی خه‌ونه‌کانت ده‌که‌م. دوو ساڵه ده‌سته‌کانم نه ڕه‌نگی بنه‌وش و نه بۆنی گوڵی یاسیان به خۆوه نه‌دیوه."
فه‌رزادی که‌مانگه‌ر هاوکات هومانیستێکی گه‌وره‌یه و مرۆڤایه‌تی و ئینساندۆستی له هه‌موو تێکسته‌کانیدا ڕه‌نگده‌داته‌وه. که‌مانگه‌ر له نامه‌یه‌کدا بۆ ئه‌ژه‌یی وه‌زیری پێشووی زانیاریی ئێران ده‌نووسێ: "ئیمڕۆ که ده‌یانهه‌وێ ژیان له من بستێنن، هاوڕێ له گه‌ڵ 'ئه‌ڤین به هاوڕه‌گه‌زه‌کانم' بڕیارم داوه که ئه‌ندامانی له‌شم بده‌م به‌و نه‌خۆشانه‌ی که مه‌رگی من بتوانێ ژیانێک به‌وان ببه‌خشێت، وه‌ک دیاری پێشکه‌ش بکه‌م و دڵم به‌و هه‌موو 'ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستیه‌ی' که تێدایه وه‌ک سه‌وقاتێک ده‌م به منداڵێک. فه‌رق ناکا ئه‌و منداڵه له کوێ بێت له ڕۆخی کاروون، یان داوێنی سه‌به‌لان یان له قه‌راخ وشکانی ڕۆژهه‌ڵات یان به منداڵێک که چاوه‌ڕێی هه‌ڵاتنی خۆره له سه‌ر کێوی زاگرۆس..."
به‌ڵێ، فه‌رزادی که‌مانگه‌ر نووسه‌ر، مامۆستا، ژینگه‌پارێز و فیمینیست و هومانیست، ره‌خنه‌گرێکی قه‌ڵه‌م به‌بڕشته که نه ته‌نیا هه‌موو سیسته‌می سیاسی و جڤاکی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌داته به‌ر ڕه‌خنه به‌ڵکوو وێرای هه‌موو ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستییه‌ک بۆ وڵاته‌که‌ی و گه‌له‌که‌ی که هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه، حوکمی له‌سێداره‌دانی به سه‌ردا سه‌پاوه، به‌ڵکوو له که‌موکۆڕی و هه‌ڵه‌ی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی کوردیش ناوبوێرێ. فه‌رزاد پێیوایه که ته‌نیا چه‌ک و شه‌ڕ چاره‌سه‌ری وه‌دیناهێنن و بزاڤی کوردی پێویستی به ڕۆشنگه‌ری و پێشوه‌چوون له هه‌موو بواره‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نی، ڕووناک‌بیری، ئه‌ده‌بی، جڤاکی و به‌رجه‌سته‌کردنی پرسگری ژنان هه‌یه.
له پاش چاپی کتێبی "نامه‌کانی فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له زیندانه‌وه"، پێویسته له چاپی ئه‌م کتێبه نوێیه‌دا ئاماژه به چه‌ند خالێک بکرێ:
یه‌که‌م،
دوای پێشوازێکی گه‌رم له کتێبی "نامه‌کانی فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له زیندانه‌وه"، هه‌وڵمدا جارێکی دیکه ئه‌م کتێبه به قه‌واره‌و نێوه‌رۆکێکی نوێوه بکه‌وێته ژێر چاپ.
دووه‌م،
پاش چاپی کتێبی "نامه‌کانی فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له زیندانه‌وه"، له‌و ماوه‌یه‌دا، چه‌ند نامه‌یه‌کی دیکه‌ی فه‌رزاد گه‌یشتنه ده‌روه‌ی زیندان که پێویست بوو ئه‌و نامه نوێیانه‌ش له‌م کتێبه‌که‌دا جێ بگرن.
سێهه‌م،
نامه‌کانی فه‌رزادی که‌مانگه‌ر و بڵاوبوونه‌وه‌یان به شێویه‌کی خێرا له ماڵپه‌ڕه کوردی و فارسییه‌کاندا بوون به هۆی ئه‌وه دژکرده‌وه‌یه‌کی مه‌زن له لای نووسه‌ر، شاعیر، بلۆگنووس، قوتابییه‌کانی فه‌رزاد و به گشتی خه‌ڵکی ئاسایی کورد و فارس چێ بکه‌ن. له‌م نێوه‌دا زۆر که‌س نامه، شێعر و په‌خشان و به گشتی تێکستی ئه‌ده‌بییان بۆ فه‌رزاد نووسی و له ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌کاندا بڵاویان کرده‌وه. له‌م کتێبه نوێیه‌دا، گوڵبژێرێک له‌و نامانه کراونه کوردی و بڵاوده‌کرێنه‌وه.
چواره‌م،
چاپی کتێبی "نامه‌کانی فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له زیندانه‌وه" له به‌ر ڕه‌وشی تایبه‌تی فه‌رزاد و هه‌ر ئان مه‌ترسی جێبه‌جێکردنی حوکمی ئێعدامی فه‌رزاد هه‌ر له‌و سۆنگه‌شه‌وه بۆ ئاگادارکردنه‌وه‌ی زیاتری بیروڕای گشتی له فه‌رزاد و بیر و هزری فه‌رزاد، به په‌له کرا. هه‌ر بۆیه هێندێک هه‌ڵه و په‌ڵه‌ی تیکنیکی که‌وته نێو کتێبه‌که‌وه، که له چاپی ئه‌م کتێبه نوێیه‌دا، هه‌وڵدراوه ئه‌و هه‌ڵه و که‌موکۆڕییانه لا ببرێن.


بگه‌رێوه
