پارله‌مانته‌ری BDPی شاری ئامه‌د و ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ له پارله‌مانی تورکیه ئاکین بیردال، له باره‌ی سزای له سێداره‌دان که گیراوانی سیاسی و مه‌ده‌نیی کورد ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه، نامه‌یه‌کی بۆ سه‌رۆککۆمار ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد نارد.
بیردال له نامه‌که‌یدا له به‌رامبه‌ر له سێداره‌دانی گیراوانی کورد، ناڕه‌زایه‌تیی نیشان دا و ووتی: مافی ژیان پیرۆزه، ده‌بێ هه‌رچی زووتر له‌سێداره‌دانه‌کان ڕابگیرێن.
پارله‌مانته‌ر ئاکین بیردال له نامه‌که‌یدا تیشکی خسته سه‌ر له‌سێداره‌دانی جه‌وانی کورد و چالاکی سیاسی ئیحسان فه‌تاحیان و فه‌سیح یاسه‌مه‌نی، ڕووی قسه‌کانی کرده سه‌رۆک کۆمار ئه‌حمه‌دینه‌ژاد و گوتی:
ئێمه به خه‌مگینیه‌وه هه‌واڵی له سێداره‌دانی ئه‌وانمان بینی و، له چاپه‌مه‌نییه‌کانه‌وه ئاگادار بووین که گه‌لێک که‌سی تریش، سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و، له ژێر مه‌ترسیی له‌سێداره‌داندا ڕاگیراون. به‌ڕێز سه‌رۆککۆمار، سه‌رجه‌م سیسته‌مه‌کانی باوه‌ڕه دینی و حقووقیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، له سه‌ر بنه‌مای پیرۆزیی مافی ژیانی مرۆڤ دامه‌زراون. هه‌روه‌ها تێکۆشانی سه‌دان ساڵه له پێناو مافه‌کانی مرۆڤیش‌دا، له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما به‌ڕێوه چووه و، سه‌لمێنراوه که له‌سێداره‌دان ته‌نها تاوانێکه که پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی لێ نییه و، نه‌بۆته چاره‌سه‌ریی بۆ پێش‌گرتن له تاوانه‌کان.
بیردال له درێژه‌ی نامه‌که‌یدا وه‌ها ده‌نووسێ: هه‌وڵدان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له دژی له سێداره‌دان له ئێران، نابێ وه‌کوو ده‌ستوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی ده‌وڵه‌تی ئێران ببینرێن، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و هه‌وڵانه ده‌بێ وه‌کوو هه‌وڵدانی پێشخستنی برایه‌تیی نێوان گه‌لانی ئێمه له سه‌ر بنه‌ماکانی دێموکراسی و ژیانێکی ئاشتیانه ببینرێن.
له کۆتاییدا ئاکین بیردال ووشیاریی دا که له‌سێداره‌دانی مرۆڤه‌کان، هه‌رچه‌نده له لایه‌ن ده‌وڵه‌تیشه‌وه ئه‌نجام بدرێ، ناتوانێ په‌سه‌ند بکرێ و داوای کرد، گیراوانی که له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سێداره‌داندان، سزاکه‌یان هه‌ڵگیرێ و ئازاد بکرێن.
وه‌رگێڕان له تورکیه‌وه بۆ کوردی: شوان مه‌ریوان
................................
* کورته ناسینێکی ئاکین بیرداڵ:
ئاکین بیرداڵ پێشتر له ساڵه‌کانی نه‌وه‌د سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ ناسراو به IHD بووه که هه‌ر له‌و ساڵانه دا و له کاتی پڕۆسه‌ی کوشتنی چالاکانی مه‌ده‌نی و سیاسی کورد له لایه‌ن که‌سانی سه‌ر به " ژیته‌م " و " ئه‌رگه‌نه‌کۆن" که سێ هه‌زار چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد تێی دا بێ سه‌روشوێن کران یانیش درانه به‌ر گولله، له شاری دیاربه‌کر و له لایه‌ن که‌سانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی تورک تێڕۆڕ کرا و نزیکه‌ی هه‌شت فیشه‌کی به‌ر که‌وت، به‌ڵام ناوبراو له مردن ڕزگاری هات و جارێکی تر درێژه‌ی به تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی دایه‌وه.
وێنه‌ی ئاکین بیرداڵ له دوای ده‌سڕێژی گولله‌ی فاشیسته‌کان:


بگه‌رێوه
