تیرۆریست کێیه؟
وه‌رگێڕانی : شاخه‌وان عه‌زیزی
ده‌قی وه‌رگێڕدراوی نامه‌ی ژنه خه‌باتکاری کورد زێنه‌ب بایزیدی .
له‌م چاخه‌دا که باس له به جیهانی بوون و مافه‌کانی مرۆڤ زیاتر له هه‌موو شتێ له لایه‌ن که‌س و لایه‌ن و ڕاگه‌یه‌نه‌ره گشتیه‌کانه‌وه گرینگی پێ ده‌درێ، له سه‌رده‌مێک دا که زیاتر له جاران سنوور و
به‌ربه‌ستی نێوان گه‌لان و فه‌رهه‌نگ و کلتووره جیاوازه‌کان له حاڵی له ناو چوون دان و ئامێره‌کانی پێوه‌ندی گرتنی سه‌رده‌میانه خه‌ڵکی جیهانی له یه‌ک نزیک کردۆته‌وه، له‌وه‌ها سه‌رده‌مێک دا باشترینی ئه‌و خه‌ڵکانه ئه‌و که‌سانه‌ن که له حاست هاوڕه‌گه‌زه‌کانی خۆیان دا زیاتر هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی ده‌که‌ن و بۆ لابردنی ئارێشه مرۆییه‌کان له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م جیهانه تێده‌کۆشن. له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ر وه‌کوو ده‌رده‌که‌وێ، ژیانی مرۆڤه‌کان به جۆرێک به یه‌که‌وه گرێ دراوه که ئه‌گه‌ر له حاستی ڕووداوه‌کانی جیهانی ده‌ورو به‌رت و مرۆڤه‌کانی بێ ته‌فاوه‌ت بی، ئه‌مه به جوورێک له بێ ته‌واوه‌ت بوون له ئاستی خۆ و بنه‌ماڵه‌ی مرۆڤایه‌تی به گشتی داده‌ندرێ. به‌ڵام ئێستاش زۆرجار ده‌بیندرێ که له گه‌ڵ لایه‌ن و به‌شه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی هه‌ڵس و که‌وت و ڕه‌فتاری نامرۆڤانه ده‌کرێ .بۆ وێنه له‌م بواره‌وه ده‌توانین باسی هه‌ڵس و که‌وتی وڵاتانی سه‌رکوتگه‌ر، له گه‌ڵ میلله‌تی کورد بکه‌یین .کورد بوون و خۆ ده‌رخستن و هه‌روه‌ها داوا کردنی مافه سه‌ره‌تایی و مرۆییه‌کان له لایه‌ن ئه‌م گه‌له‌وه، به تاوانێکی گه‌وره ده‌ژمێردرێ. تاوانێک که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ده‌خرێته پاڵ خه‌ڵک و تێکۆشه‌رانی کورده‌وه. به‌ڵام له گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌مانه‌دا، ده‌ورانێکی دوور و درێژه که ئه‌م گه‌له سه‌ره‌ڕای خۆڕاگری له حاست ڕه‌نج و سه‌ختی و دژواری زۆر له پێناو گه‌یشتن به مافه‌کانی خۆی له سه‌ر ئه‌ساسی له به‌رچاو گرتنی ئه‌سڵی جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤ، تێکۆشاوه و هه‌روا تێده‌کۆشێ.
ئێستا دوای تێپه‌ر بوون و وه‌پشت سه‌ردانی قۆناغی سه‌ختی کۆیله‌داری و فئۆداڵی، مرۆڤ توانیویه‌تی سه‌ره‌ڕای ئارێشه تایبه‌تیه‌کانی سه‌رمایه‌داری زۆر ئه‌زموون وه‌ده‌ست بێنێ و له په‌نا ئه‌م ئه‌زموونانه‌س که‌ره‌سه‌و ئامێری پێوه‌ندیه گشتیه‌کان و ئیمکانی دامه‌زراندنی پێوه‌ندی ئاسان و له ماوه‌یه‌کی کورت دا، له نێوان مرۆڤه‌کان و هه‌روه‌ها بوون و تێکۆشانی ناوه‌نده مرۆڤدۆسته‌کان و به‌ربڵاو بوونه‌وه‌و به هێز بوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، هه‌مووی ئه‌مانه وایان کردوه که تا ڕاده‌یه‌ک هاواری چینی ژێر ده‌سته، ده‌نگ بداته‌وه و بتوانن ده‌نگی خۆیان به گوێی خه‌ڵکی جیهان بگه‌یه‌نن و به هه‌ندێک ئامانج بگه‌ن .
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه زیاتر له وه‌ی له نێو وڵاتانی جیهانی سێهه‌م دا ڕه‌نگ بداته‌وه، له ئاستی وڵاتانی پێشکه‌وتوو دا له به‌رچاوتره و ده‌بیندرێ.ماوه‌یه‌کی دوور و درێژه له ئێران دا، خه‌ڵک به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به دێموکڕاسی تێده‌کۆشن و له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، شاهیدی هاتنه ئارا‌و گه‌شه و په‌ره سه‌ندنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوویین. گه‌لی کوردیش له‌م نێوه‌دا به به‌رده‌وامی هه‌وڵی داوه که خواسته مرۆییه‌کانی خۆی بێنێته به‌رباس وله پێناو خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌کانی تووشی زۆر خه‌سار هاتووه و نرخه‌که‌شی بۆ داوه. ئه‌م نرخانه‌ش زۆر جار ئه‌مانه بوون که به جیایی خواز داندراون و به تیرۆریست و دژایه‌تی کردن له گه‌ڵ خوا تۆمه‌تبار کراون و ئه‌مانه‌ش بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که زیندانی درێژ ماوه‌یان بۆ ببردرێته‌وه و ته‌نانه‌ت به ئیعدام مه‌حکووم بکرێن. مافه سرووشتیه‌کانی گه‌لی کورد زه‌وت ده‌کرێن و به هاووڵاتی پله دوو داده‌ندرێن. به‌رده‌وام له ڕوانگه‌ی ئه‌منیه‌تیه‌وه سه‌یری کورد ده‌کرێ و به توندترین شێوه سه‌رکووت کراون و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که ئه‌وان له پێناو هێنانه ئارای دۆستایه‌تی و په‌ره پێدانی هاوکاری و هه‌وڵ دان له پێناو نه‌هێشتنی ناکۆکیه‌کان داویانه، هه‌میشه له گه‌ڵ دژکرده‌وه‌ی مه‌نفی ڕوبه‌ڕو بوونه‌ته‌وه. له‌م نێوه‌دا ده‌توانین باسی ئه‌و ڕاستیه بکه‌یین که تێکۆشه‌ران و ئازادی خوازانی کورد به سه‌ریان دێت. ئه‌و هه‌وڵ و خه‌بات و تێکۆشانه‌ی که له سه‌راسه‌ری ئێران له ئارا دایه، کاتێک ده‌گاته کوردستان تاوانی تیرۆریستی ده‌خرێته پاڵ . هه‌وڵ و تێکۆشانه مرۆییه‌کان که به به‌شێک له شانازیه‌کانی مرۆیی داده‌ندرێن و تێکۆشه‌رانی ئه‌م بواره جێگای ڕێز و پشتیوانین، به داخه‌وه له ئێران دا بێ حورمه‌تی پێ ده‌کرێ و تاوانی بێ بناغه‌ی ده‌خرێته پاڵ و به‌ر به تێکۆشانی ده‌گیرێ. ته‌نیا ئه‌و کاته نه‌بێ که ئه‌و هه‌وڵانه له چوارچێوه‌یه‌کی دیاری کراودا و له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دابێت. له وه‌ها حاڵه‌تێکیش دا ماهیه‌ت و ناوه‌ڕۆکی ڕاسته‌قینه و مرۆییانه‌ی خۆی له ده‌ست ده‌دات . لێره‌دا ده‌توانین وه‌کوو نموونه باسی حوکمی 10 ساڵ زیندانی بۆ محه‌مه‌د سه‌دیقی که‌بودوه‌ند، سه‌رۆکی ڕێکخراوی دیفاع له مافی مرۆڤی کوردستان، که به باوکی مافی مرۆڤ له کوردستان ناسراوه، و هه‌روه‌ها هه‌مووی ئه‌و کردارانه‌ی له دژی باقی تێکۆشه‌رانی ئه‌م ڕێکخراوه ئه‌نجام دراون، بکه‌یین. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه ش که کورده‌کان له تێکۆشانه سه‌راسه‌ری هاوبه‌شه‌کان دا له گه‌ڵ فارس و ئازه‌ریه‌کان و ... بۆ گه‌یشتن به ئامانجی هاوبه‌شی مرۆیی به‌شداری ده‌که‌ن و له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی پێته‌ختیش دا ئاماده ده‌بن، دیسانیش به گێره شێوێن و ئاژاوه‌گێڕ له قه‌ڵه‌م ده‌درێن. بۆ وێنه تێکۆشانی ژنانی کورد شان به شانی باقێ ژنانی ئازادی خوازی ئێران له بواری مافه‌کانی ژنان دا، له پێناو گۆڕینی ئه‌و یاسایانه‌ی که فه‌رق و جیاوازی داده‌نێ و به مه‌به‌ستی وادار کردنی ده‌وڵه‌ت بۆ جێبه‌جێ کردنی ڕێککه‌وتن نامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له ئێران دا، لێره‌ش دا دیسان بۆ تێکۆشه‌رانی کورد له بواری مافه‌کانی ژنان دا، تاوانی تیرۆریست بوون و دژایه‌تی له گه‌ڵ خوایان ده‌خرێته پاڵ و سزای تووندیان به سه‌ر دا ده‌سه‌پێندرێ. هه‌مووی ئه‌مانه و زۆر شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته، له ئێران دا به تاوان داده‌ندرێ و له کوردستانیش تاوانه‌که چه‌ند قات قوڕستر ده‌بێ و تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی که تێکۆشانی مه‌ده‌نیانه‌ش به جیایی خوازی و تیرۆریستی لێک ده‌درێته‌وه. ئه‌مه له حاڵێک دایه که خه‌بات و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی کورد له پێناو بنه بڕ کردنی جیاوازیه ڕه‌گه‌زایه‌تی، ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان، دا بووه.
ئێستا ده‌مه‌وێ لێره‌دا له‌و ویژدانه زیندوو و به ئاگایانه بپرسم که به ڕاستی کێ تیرۆریسته؟ ئه‌وانه‌ی که بوونه‌ته هۆی خوڵقاندنی ترس و تۆقاندن له نێو خه‌ڵک دا، یان ئه‌وانه‌ی که له مافی سرووشتی خۆیان و گه‌له‌که‌یان به‌رگری ده‌که‌ن؟ ئایا هه‌وڵ دان له پێناو جێبه‌جێ کردنی به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ کاریکی تیرۆریستی‌یه؟ ئایا هه‌وڵ دان له پێناو کۆتایی هێنان به شه‌ڕ و خوێنڕێژی کارێکی تیرۆریستیانه‌یه؟ ئایا هه‌وڵ دان له پێناو له ڕیشه‌وه ده‌رهێنانی هه‌ژاری و برسێتی کارێکی تیرۆریستیانه‌یه؟ ئایا هه‌وڵ دان له پێناو نه‌هێشتنی جیاوازی دانان له نێوان ژنان و پیاوان دا، کارێکی تیرۆریستیانه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌مووی ئه‌مانه و له په‌نا ئه‌مانه‌ش دا ده‌ربڕینی ئیشق و خۆشه‌ویستی بۆ مرۆڤایه‌تی و بۆ ژیانێکی سه‌ربه‌ستانه به کارێکی تیرۆستی له قه‌ڵه‌م بدرێ، ئه‌وا من هیچ ترس و باکێکم نی یه له وه‌پاڵ دانی تۆمه‌تی تیرۆریستی و له گرتن له په‌نا ( ڕووناک ) ه کان و ته‌نانه‌ت له له سێداره دان له په‌نا ( فه‌رزاد ) ه کان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که تاوانیان ته‌نیا داخوازی مافی ئینسانی و مافی به سه‌ربه‌ستی ژیانه .
ژنه زیندانی سیاسی کورد زه‌ینه‌ب بایه‌زیدی له زیندانی زه‌نجان، به‌شی ژنان


بگه‌رێوه
