لێگه‌رێن با دڵم لێ بدا
نامه‌ی فه‌رزاد كه‌مانگر
وه‌رگێرانی: هۆزان
چه‌ندین مانگه له زیندانم، ئه‌و زیندانه‌ی وا دانرابوو وره و
عیشق و ئینسانبوونم تێك بشكێنێ. ئه‌و زیندانه‌ی كه بڕیار بوو وه‌ك به‌رخۆڵه‌یه‌كی هێمن ده‌سته‌مۆ و گوێ له مستم بكا. چه‌ندین مانگه به‌ندیی گرتووخانه‌یه‌كم كه دیواری به‌رزن وه‌كوو به‌ژنی مێژوو. ئه‌و شوورانه‌ی كه بڕیار بوو مه‌ودایه‌ك بن له نێوان من و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی خۆشم ده‌وێن، له نێوان من و منداڵانی نیشتمانم مه‌ودایه‌ك بن تاهه‌تایی. به‌ڵام ئه‌من هه‌موو رۆژێ له رۆچنه‌ی دیوه تاكه‌كه‌سیه‌كه‌م ڕا، بۆ دووره ده‌ست ده‌ڕۆیشتم و هه‌ستم ئه‌كرد له نێویاندام و ئه‌وانیش ژانی خۆیان له ناخی ئه‌منی به‌ندی دا ده‌دۆزییه‌وه و به‌ندیخانه پێوه‌ندییه‌كی گه‌ڵی قووڵتر له رابردووی له نێوماندا پێكهێنابوو.
وادانرابوو ئه‌نگوسته‌چاوی زیندان، واتای تیشك و هه‌تاوم لێ زه‌وت بكا، به‌ڵام ئه‌من له زینداندا چاوه‌ڕوان بووم گوڵه وه‌نه‌وشه له تاریكی و بێده‌نگی دا باڵا بكا.
وادانرابوو به‌ندیخانه چه‌مكی كات و بایه‌خه‌كه‌ی له مێشكم دا بسڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌من له ده‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه زۆر ژیاوم و دیسان هاتوومه‌وه دنیا بۆ هه‌ڵبژاردنی رێیه‌كی نوێ و ئه‌منیش وه‌ك به‌ندییه‌كانی پێش خۆم به گیان و دڵ سووكایه‌تی و بێ‌حورمه‌تی و ژان و ئازارم كڕیوه به‌ڵكوو ئه‌من دوایین كه‌س بم له كاروانی ئه‌و نه‌وه ئازار چێشتوانه‌ی كه به تاسه و عیشقی دیتنه‌وه‌ی كازیوه تاریكایی به‌ندیخانه‌یان له دڵیان‌دا راگرتبوو.
به‌ڵام رۆژێ به "محارب" له قه‌له‌م درام و پێیان وابوو من شمشێرم له خوای ئه‌وان هه‌ڵ‌كێشاوه (شه‌ڕم به "خوا"یان فرۆشتوه) و په‌تی عه‌داڵه‌تیان چنی تا سیوادی به‌یانییه‌ك كۆتایی به ژیانم بێنن و له‌و رۆژه نادڵخوازه‌وه چاوه‌ڕوانی راپه‌ڕاندنی ئه‌و بڕیاره‌م. به‌ڵام ئه‌مرۆ كه بڕیاره گیانم بگرن به خۆشه‌ویستیی خه‌ڵكه‌وه لێبڕاوم ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی خۆم ببه‌خشم به‌و نه‌خۆشانه‌ی كه مه‌رگی من گیانیان وه‌به‌ر ده‌نێته‌وه و دڵیشم به هه‌موو ئه‌و "ئه‌وین و خۆشه‌ویستی‌یه‌ی كه تێیدایه، به منداڵێكی ده‌به‌خشم. گرینگ نیه له‌هه‌ر كوێ بێ له لێواری چه‌می كارون یا له بناری سه‌به‌لان یا له قه‌راغ بیابانی كه‌ویری خۆرهه‌ڵات یا ئه‌و منداڵه‌ی چاوه‌ڕوانه له بستووی زاگرۆسه‌وه هه‌تاو هه‌ڵبێ.
با دڵی بێ ئۆقره و یاخیی من له سینگی منداڵێك دا لێ بدات، یاخی‌تر له خۆم باسی ئاره‌زووكانی خۆی بۆ مانگ و ئه‌ستێران بكا و ئه‌وان بكاته شایه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی كاتێ گه‌وره‌بوو خه‌یانه‌ت به خولیاكانی منداڵیی خۆی نه‌كات. دڵم له سینه‌ی یه‌كێكدا لێ بدات كه بۆ ئه‌و مناڵانه بێ ئۆقره بێ واشه‌وانه سه‌ری برسی ده‌نێنه‌وه سه‌ر سه‌رین و یادی "حامید" قوتابیه شازده ساڵه‌كه‌ی شاره‌كه‌ی من له دڵیدا زیندوو رابگرێ كه نووسیی: "بچووكترین ئاره‌زووی من له‌م ژیانه‌دا وه‌دی نایه" و خۆی هه‌ڵواسی.
لێگه‌رێن با دڵم له سینه‌ی یه‌كێك دا لێ بدا، گرینگ نیه به چ زمانێك قسان ده‌كا یا ره‌نگی پێستی چ ده‌بێ، هه‌ر مناڵی كرێكاری بێ كه ده‌سته زبر و قه‌ڵشیوه‌كانی باوكی، بڵێسه‌ی هه‌ڵچوون رابوونێكی نوێ له هه‌مبه‌ر نایه‌كسانیه‌كاندا له دڵیدا زیندوو رابگرێ.
دڵم له سینه‌ی منداڵێك دا لێ بدات كه سبه‌ینێیه‌كی زۆر دوور نا، ببێته مامۆستای گوندێكی بچووك و هه‌موو رۆژێك ده‌م به‌یانیان منداڵه‌كان به بزه‌ی پشكووتووی جوانه‌وه به پیرییه‌وه بین و له شادی و یارییه‌كانیان به‌شی بده‌ن. ره‌نگ بێ ئه‌وكات منداڵان تامی برسێتی و هه‌ژاری هه‌ر نه‌زانن و له دنیای ئه‌وان دا وشه‌گه‌لی، به‌ندیخانه و ئه‌شكه‌نجه و ناهه‌قی و نایه‌كسانی مانای نه‌بێ.
لێگه‌رێن با دڵم له قوژبنێكی ئه‌م دنیا به‌رینه‌تان دا لێ بدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده و ئاگا لێی بێ، كه ئه‌وه دڵی مرۆڤێكه كه زۆربه‌ی قسه‌ی نه‌وتراوی خه‌ڵك و نیشتمانه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵ گرتووه. خه‌ڵكێك كه مێژووه‌كه‌ی لێوانێوه له ئازار و ژان و حه‌سره‌ت.
لێگه‌رێن با له سینه‌ی منداڵێك دا لێ بدا دڵم به‌یانی یه‌ك له قوڕگێكه‌وه و به زمانی زگماكیم هاوار بكا.
من ده‌مه‌وێ ببمه بایه
خۆشه‌ویستی مرۆڤ به‌رم
بۆ گشت سوچی ئه‌م دونیایه
فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر زیندانی ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج
8ی به‌فرانباری 1387


بگه‌رێوه
