به گوێره‌ی ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ی که له شاری مه‌هاباد به ده‌ستمان گه‌یشتووه، کچێکی خه‌ڵکی ئه‌و شاره به ناوی گوڵچین ساڵح زاده، خه‌ڵکی گه‌ڕه‌کی پشت ته‌پ، که به هۆکاری کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی زیندانی کرابوو، به شێوه‌یه‌کی گوماناوی له زیندانی بۆکان ژیانی له ده‌ست داوه.
گوڵچینی ته‌مه‌ن 22ساڵه، دوای ئه‌وه‌ی که له زیندانی شاری مه‌هاباد له دژی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و زیندانه به‌ره‌نگاری ده‌کات و له ئه‌نجامی چه‌ند ئاڵۆزیه‌ک، له دژی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت و به تایبه‌ت خامه‌نه‌یی درووشم ده‌ڵێته‌وه. له ئه‌نجام دا ناوبراو بۆ ژووره‌کانی تاکه‌که‌سی ڕاده‌گوێزن و ڕووبه‌ڕووی لێدان ده‌بێته‌وه. دواتر له زیندانی شاری مه‌هاباد بۆ زیندانی بۆکان ڕه‌وانه ده‌کرێت و دوای ماوه‌یه‌ک، واتا له حه‌فته‌ی ڕابڕدوو، بۆ قه‌ره‌نتینه ڕه‌وانه ده‌کرێت، به‌ڵام له‌وێ دا ژیانی له ده‌ست ده‌دات.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که کاربه‌ده‌ستانی زیندان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که گۆیا گوڵچین خۆی کوشتووه، به‌ڵام له ناو خه‌ڵکی شاری مه‌هاباد دا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کرێت که ئه‌و کچه کورده کوژرابێت و هۆکاره‌که‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گێڕنه‌وه که به‌رده‌وام له زیندان ئازار دراوه و ئه‌ویش له دژ کرده‌وه دا سووکایه‌تی به سه‌رۆکی ئایینی ئێران و هێندێکی تر له به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت کردووه

بگه‌رێوه
